ناوهڕۆك
باسی خوێنی ئەندامەکانی لەش
ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت
خوێنی گیانێک بە تەواوی ئەدرێ لە لێکردنەوەی هەردوو دەست، هەروەها خوێنێی تەواو ئەدرێ لە لێکردنەوەی هەردوو قاچ، کەواتە: ئەگەر هەردوو دەست و هەردوو قاچی لێکردنەوە، ئەبێ دوو خوێنی دوو کەسی کوژراوی بداتێ، هەروەها: ئەگەر هەردوو دەستەکانی لەکار خستن، ئەبێ خوێنێکی تەواوی بداتێ، هەرچەند لێشی نەکردبێتەوە، هەروەها ئەگەر قاچەکانی لێنەکردنەوە، بەڵام لە ڕۆیشتنی خست، هەر ئەبێ خوێنێکی تەواوی بداتێ (عن ابن حزم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: فی الید نصف العقل وفی الرجل نصف العقل) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوێنی یەک دەست نیوەی خوێن خاوەنەکەیەتی، خوێنی یەک قاچ نیوەی خوێنی خاوەنەکەیەتی. جا بزانە: خوێنی یەک پەنجە دە یەکی خوێنی خاوەنەکەیەتی.
هەروەها خوێنی گیانێکی تەواو ئەدرێ لە لێکردنەوەی لووت هەروەها لێکردنەوەی هەردوو گوێ خوێنێکی تەواو ئەدرێ، لە یەک گوێ نیوەخوێن ئەدرێ، هەروەها ئەبێ خوێنێکی تەواو بدرێ لە لابردنی هەردوو چاو، کەواتە: لە یەک چاو نیوەخوێن واجبە، هەروەها خوێنێکی تەواو ئەدرێ لە لێکردنەوەی هەرچوار پێڵووی چاوەکانی.
وە لە لێکردنەوەی زوبان خوێنێکی تەواو ئەدرێ لە لێکردنەوەی هەردوو لێو خوێنێکی تەواو ئەدرێ (عن ابن حزم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: فی اللسان الدیة وفی الشفیتین الدیة) رواه النسائی وغیره.
وە لە نەهێشتنی گفتوگۆ خوێنێکی تەواو ئەدرێ، هەرچەند زوبانیشی لێ نەکاتەوە، وە لە کوێرکردنی هەردوو چاو خوێنێکی تەواو ئەدرێ، هەرچەند چاوەکانیشی دەرنەهێنێ، بەڵام ئەگەر دەریشیان بێنێ، هەر یەک خوێن واجب ئەبێ، وە لە کەڕکردن -واتە: لابردنی گوێلێبوون- خوێنێکی تەواو ئەدرێ، هەرچەند گوێیەکانیشی لێنەکاتەوە، وە لە لابردنی بۆنکردن خوێنێی تەواو ئەدرێ.
وە لە لابردنی عەقڵ خوێنێکی تەواو ئەدرێ، بەڵام ئەگەر لە پاش خوێن وەرگرتن شێتیەکەی چاک بۆوە، ئەبێ خوێنەکە بگەڕێنێتەوە بۆ تاوانبارەکە (عن زید بن أسلم قال: مضت السنة أن فی العقل إذا ذهب، الدیة) رواه البیهقی، لە پێغەمبەرەوە ﷺ وا هاتووە: خوێنی شێتکردن سەد ووشترە.
هەروەها لە لێکردنەوەی ئەندامی میزکردن پیاو، خوێنێکی تەواو ئەدرێ، وە لە لێکردنەوەی هەردوو گون خوێنێکی تەواو ئەدرێ، جیاوازی نییە ئەو ئەندام و گونە، هی منداڵ بێ، یان هی پیر بێ، خاوەنەکەی جیماعی پێ بکرێ، یان نا، لە بنەوە لێیان بکاتەوە، یان سەری ئەندامەکە ببڕێ و هێلکە گونەکان دەربێنێ (عن ابن حزم -رضي الل عنه-: عن النبی ﷺ: فی الذکر الدیة وفی البیضتین الدیة) رواه النسائی وغیره.
خوێنی ئەو برینەی گەیشتۆتە سەر ئێسقان و ئێسقانەکەی بەدەر کەوتووە، وە خوێنی یەک ددان، جا لە بنەوە دەری بێنێ، یان لەسەر پدوو بیشکێنێ، هەریەکەیان پێنج ووشترە، واتە: بیستیەکی خوێنی گیانی خاوەنەکەی (عن ابن حزم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: فی السن خمس م الإبل وفی الموضحة خمس من الإبل) رواه النسائی.
(ئاگاداری): پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (وفی الجائفة ثلث الدیة) رواه النسائی، لەو برینەی لەشی مرۆڤ کون ئەکا و ئەگاتە ناو بۆشایی لەش، سێیەکی خوێنیب خاوەنەکەی واجب ئەبێ.
ئینجا بزانە: هەر کەسێک کچێنی ئافرەتێک لاببا، ئەبێ تۆڵەی بداتێ، وە ئەگەر بە هۆی زیناکردن لای ببا و ئافرەتەکەیش ڕازی نەبوو، ئەبێ -جگە لە تۆڵەی کچێنی- مارەیی هاووێنەیشی بداتێ.
وە تۆڵەی هەر ئەندامیک کە کەڵکی کارکردنی نەمابێ وەکو دەستی ووشکبوو و ددانی زێدە و پەنجەی زێدە، خوێنێکی وەها هەیە کە لە لای (قازی) دیاری ئەکرێ، خوێنی کۆیلەی کوژراو نرخی خۆیەتی، جا زۆر بێ، یان کەم بێ.